لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دادەنرێت، کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی(LDS)ی ئەمریکییەوە بنیاد دەنرێت.
بە ئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوكات(سهرۆكی بۆردی دامهزرێنهرانی دهزگای خێرخوازیی بارزانی)یە، لە ڕێكەوتی 26\11\2024 ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی “سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر” لە هەولێر بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕسمەدا كە بەرپرسی كەنیسەی(LDS)ی ئەمریكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی ئامادەی بوون، سەرەتا بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وتارێكی پێشكەش كرد و، ئاماژەی بەوە كرد، جێی شانازییە بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بەتایبەتی كە جەنابی سەرۆك بارزانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە كۆنفڕانسی(MEPS) كە لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك بەڕێوەچوو، لە بەشێكی وتارەكەیدا جەختی لەوە كردەوە كە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەكە، لە هەموو شتێك مەترسیدارترە”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا باسی ئەوەی كرد كە ڕێكخراوی (LDS) ماوەی 10 ساڵە كاری هاوبەش و پێكەویی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجام دەدات و لەو ماوەیەدا 36 پڕۆژەی هاوبەش جێبەجێ كراون. هەر بەو بۆنەوە سوپاسی تایبەتی پاڵپشتییەكانی ڕێكخراوی (LDS)ی ئەمریكی كرد.
دواتر بەڕێز د. ڕەوشت ڕەشید، سەرپەرشتی پڕۆژەی هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وتارێكدا باسی داتاكانی جیهانی و زانیارییەكان لە بارەی ئالوودەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان و وردەكارییەكانی شیاندنەوەیانی كرد. باسی ئەوەی كرد كە بەپێی ئامارەكانی((UNODC عێراق بووەتە یەكێك لە ترسناكترین و گەرمترین وڵاتانی بەقاچاخابردنی ماددە هۆشبەرەكان لە ناوچەكە و لە نێوان ئاسیا و ئافریقا و ئەورووپا و هەندێك گرووپی چەكداری لەو تاوانەوە تێوەگلاون و تەنانەت لە ناوخۆی عێراقدا لە پێناوی بەرژەوەندی و دەستكەوتی دارایی خۆیان ماددەی هۆشبەر بەرهەم دەهێنن.
دواتر بەڕێز(ئەدیڵسۆن پاهێڵا) بەرپرسی كەنیسەی(LDS)ی ئەمریكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە وتارەكەیدا پێداگری لەسەر ئەوە كرد كە “ئالنگارییەكانی ماددەی هۆشبەر لە هەموو شوێنك هەیە” و گوتی: “کاتێک کەسێک ئالوودە دەبێت، ئەو دیارییەی کە خودای گەورە دەیدات بە هەموو کەسێک، ئەوەیە کە ئاژانسێک، یان ناوەندێك هەبێت، لەو ئالوودەبوونە دەربازی بکات، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە ئەوە سەنتەرە دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی چارەسەری ئالوودەبووان بکەین، نەک تەنیا ئالوودەبووان، بەڵکو خێزانەکانیش، هەروەها ئەوانەی هیوایان لەدەست داوە، دەمانەوێت هیوایان بۆ بگەڕێنینەوە.”
دواتر ڕێزدار مەسرور بارزانی گوتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، تیشكی خستە سەر مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی دیاردەی ماددە هۆشبەرەكان لەنێو كۆمەڵگە و دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێكخراوی (LDS) كرد، بۆ دروستكردنی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر و هیوای خواست “لە ماوەی دیاریكراودا تەواو ببێت و بخرێتە خزمەتی چارەسەركردنی تووشبوان و ئالوودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە بارەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان و بەشەكانی بۆ ئامادەبووانی بەڕێز نمایش كرا.
لە بەشی كۆتایی ڕێوڕەسمەكەدا، بەردی بناغەی پڕۆژەكە لە لایەن بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئەدیڵسۆن پاهێڵا بەرپرسی كەنیسەیLDS)ی) ئەمریكی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكە دانرا.









