دابینكردنی قەڕەوێلەی کارەبایی و ڕەوڕەوە بۆ ماڵی بەساڵاچووان لە هەولێر

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی ڕێکخراوی گوندی ئاشتی (Peace Village)ی ئەڵمانی لە ڕێكەوتی ٥/١٢/٢٠٢٥ کۆمەڵێک پێداویستیی پزیشکی (قەڕەوێلەی کارەبایی و ڕەوڕەوە) بۆ ماڵی بەساڵاچووان لە هەولێر دابین كرد.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە پڕۆژەكانی، لە دە سێكتەری جیاواز كاری مرۆیی دەكات، یەكێك لەو سێكتەرانە سێكتەری تەندروستییە كە بایەخێكی زۆر و جددی پێدراوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی و هاوكاریی بەخشەران، دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بۆ بنكەكانی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی و نەخۆشخانەكان دابین دەكات.

لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی گوندی ئاشتی بە چەندین قۆناغ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێشكەش كراون.

لە ڕابردوودا کۆمەڵێک منداڵی خاوەن حاڵەتی تەندروستیی ئاڵۆز، لە وڵاتی ئەڵمانیا پشکنینیان بۆ کرا و چارەسەری پێویستیان وەرگرت.

لە قۆناغێکی تازەدا لە شارەکانی هەولێر و دهۆک ئەو منداڵانە دەستنیشان كران، کە پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی هەیە و دەتوانرێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان حاڵەتەکانیان چارەسەر بکرێت.

لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەدا توانرا کۆمەڵێک منداڵ ببینرێن و بەپێی حاڵەتەکانیان پۆلێن بکرێن، بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکی وەربگرن.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوكاریی ڕێكخراوی گوندی ئاشتیی ئەڵمانی و لە چوارچێوەی پڕۆژەی “نۆرینگەی گەڕۆك”، لە كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك، هەڵمەتێكی پشكنین و دابینكردنی دەرمان و چارەسەریان بۆ نەخۆشان ئەنجام داوە.

پڕۆژەكە، دەرمان و چارەسەری سەرەتایی بۆ كەسانی نەخۆش لەو كەمپانە دابین دەكات، كە لە بنكەكانی تەندروستی دوورن، یان بنكەكانی تەندروستییان دەرمانی كەمیان هەیە.

هەر ئەمساڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاریی ڕێکخراوی گوندی ئاشتیی ئەڵمانی، ئامێر و کەلوپەلی تایبەت بە ڕاهێنان و نەشتەرگەریی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەتی بۆ سەنتەری هێلینا له‌ هه‌ولێر دابین كرد.

 

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest