موسا ئەحمەد: 64 تۆن هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنینە چەمچەماڵ و خۆراکی گەرمیش پێشکەش بە هاووڵاتیانی ناوچە زیانلێکەتووەکان دەکەین

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، لە قۆناغی یەکەم 64 تۆن هاوکاریی مرۆیی لە ڕێگەی 8 بارهەڵگرەوە ڕەوانەی چەمچەماڵ و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکە كراون و بەردەوامیش دەبین.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2025)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای هۆشدارییەکانی کەشناسی لە بارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا و ڕوودانی کارەساتی سرووشتی و لافاو، ڕاستەوخۆ تیمە مەیدانییەکانمان خستە ئامادەباشیی.

 سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاشیگەیاند، زیانەکانی بەشی زۆری لە ناحیەی تەکیەی چەمچەماڵ، ناحیەی ڕزگاری کەلار و ناوچەی لەیلانی کەرکووک بوون.

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، سەرجەم کار و چالاکییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان، بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەبێت لەو ناوچانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و سەرمایەداران و بەخشەران، هەوڵ دەدەین هاوکاریی زیاتر بۆ خەڵکی زیانلێکەوتوو کۆبکەینەوە و کەمێک لە ژان و ئازار و کێشەکانی زیانلێکەوتووان لەو ناوچانە کەم بکەینەوە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest