دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری لە کۆنفڕانس و پێشانگای نێودەوڵەتی دوبەی بۆ هاوکاری مرۆیی و پەرەپێدان دەکات و تیایدا وتارێک لەسەر کێشەکانی کۆچبەران پێشکەش دەکات.
ساڵانە لە ژێر چاودێری راستەوخۆی شێخ محەمەد بن راشد ئەلمەکتوم سەرۆک وەزیرانی ئیمارات و حاکمی دووبەی، کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی دوبەی بۆ هاوکاری مرۆیی و پەرەپێدان بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەلایەن رێکخەرانی کۆنفڕانسەکەوە بانگێشت کراوە.
لە کۆنفڕانسەکەدا تیشک دەخرێتە سەر بابەتە مرۆییەکان و نوێنەری رێکخراوەکان و کەسایەتییە دیارەکانی بواری مرۆیی تیایدا بەشدار دەبن.
لە میانی کۆنفڕانسەکەدا چەندین کەسایەتی وتار پێشکەش دەکەن و بارودۆخی مرۆیی لە جیهاندا تاوتوێ دەکرێت. لە رۆژی یەکەمدا بەڕێز د. حەمدان موسەلەم نوێنەری سەرۆک وەزیرانی ئیمارات و بەڕێوەبەری گشتی ئاکادیمیای گشتی ئیمارات لە پانێلی کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و پاشان بەڕێز ئانتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی وتارێکی پێشکەش کرد، هەروەها بەڕێز فیلپۆ گراندی کۆمیسیاری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لە پانێلی سەرەتادا وتارێکی تایبەتی لەسەر رەوشی پەنابەران پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە ٧٠ ملیۆن پەنابەر لە جیهاندا هەیە.
لە پانێلێکی کۆنفرانسەکەدا بەڕێز کارزان نووری بەرپرسی بەشی پڕۆگرام و پەیوەندییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتارێک لەسەر کێشەکانی کۆچبەران بۆ بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە پێشکەش دەکات.
کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی دوبەی بۆ هاوکاری مرۆی و پەرەپێدان لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە هەتا ئێستا دەبەسترێت و هەر ساڵێک تیشک دەخاتە سەر بابەتێکی مرۆیی. ئەمساڵیش لەبەر گرنگی رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوچەکەدا و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەفەرمی بانگهێشتی ئەم کۆنفڕانسەکە کراوە.