سێیەمین خێوەتگەی پەرەپێدانی مرۆیی بۆ رێكخراوەكانی كوردستان

خێوەتگای پەرەپێدانی مرۆیی رێکخراوەکان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای روانگە و لە ژێرچاودێری فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بە بەشداری ١٦ رێکخراو و ٦٠ قوتابی لە رێکەوتی ٣٠/٤/٢٠١٩ دەستی پێکرد و دوای شەش رۆژ لە رێکەوتی ٦/٥/٢٠١٩ لە مەراسیمێکی شایستەدا کۆتایی پێهات.

بەشداربووان لەم خێوەتگایەدا بۆ ماوەی ٦ رۆژ لە سروشتی کوردستاندا و لە ژێر خێمەدا ژیانیان بەسەر دەبرد و رۆژانە بەپێی یاساکانی خێوەتگا مامەڵەیان دەکرد. لە رۆژانی خێوەتگادا ٣ وانەی تایبەت لەلایەن چەندین راهێنەری بەتواناوە دەوترانەوە و چەند گەشتی زانستی و تەرفیهی بۆ بەشداربووانی خێوەتگاکە رێکخرا.

ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەم خێوەتگایە درووستکردنی تۆڕی پەیوەندی لە نێوان ئەندامانی رێکخراوەکان و بەرزکردنەوەی توانا مرۆییەکان و ئاشناکردنی بەشداربووان بە ژینگە و سرووشتی کوردستانە.

هەریەک لە رێکخراوەکانی (رێکخراوی پەرەپێدانی مەدەنی(CDO)، تۆڕی رێكخراوەكانی هەڵەبجە، هاریکار، تۆڕی گەنجانی نیشتیمان(NYN)، رێکخراوی فریاکەوتنی میلی (PAO)، قەندیل، REACH، بۆردی کاروباری مرۆیی دهۆک، پەیمانگای ئابوری بە ژمارە، رێکخراوی بونیاد، رێکخراوی داکۆکی لە مافی ئاژەڵان، رێکخراوی رۆشنای تەندرووستی، رێکخراوی کوردس، کۆمەڵەی قوربانیانی كيميا بارانى هەڵەبجە، مانگی سوری عێراقی_ هەولێر، ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان) لە بەشداربووانی سێهەمین خێوەتگای پەرەپێدانی مرۆیی رێکخراوەکان بوون کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای روانگە لە ژێرچاودێری فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بەڕێوەچوو.

لەم خێوەتگایەدا بێجگە لەوەی بەشداربووان رۆژانە سێ وانەی تایبەتیان لە لایەن راهێنەرانی بە توانا و شارەزاوە پێشەکەش دەکرێت، ژیانێکی نوێش ئەزموون دەکەن لەناو سەختی و ناخۆشیی و خۆشییەکانی سرووشتدا، مەبەست لەم جۆرە ژیانە زیاتر هەست کردنە بە ئەو ئێش و ئازارەی کە لێقەوماوان لە کاتی کارەساتە سروشتی مرۆییەکاندا دووچاری دەبنەوە.

ئەو وانانەی لە خێوەتگاکەدا پێشکەش کران بەم شێوەیە بوون ( فریاگوزاری سەرەتایی_ سەعدوڵا تاهیر، قۆناغەکانی بەڕێوەبردنی پڕۆژە_ نزار عەلی، زمانی جەستە_ د. فازڵ جاف، چاودێری و بەدواداچوون_ هۆگر چەتۆ، گرنگی توێژینەوە لە قۆناغی دوای قەیران_ ئاوات ئەحمەد، پلاندانانی ستراتیژی_ د. شێرکۆ جەودەت، کۆکردنەوەی_فەرهاد سامی، پەیوەندی و دیپلۆماسیەت_هێمن هەورامی، نمونەی ئیدارەی سەرکەوتوو بۆ رێکخراوی قازانج نەویست_د. هێژا سندی، مافەکانی مرۆڤ و مافی کۆچبەران_ د. کرمانج عوسمان، سەرکردایەتی کردن_ عەبدولسەلام مەدەنی، کارکردن بە تیم_ کارزان نووری).

لە میانەی بەڕێوەچوونی سێهەمین خێوەتگای پەرەپێدانی مرۆیی رێکخراوەکان، بەشداربووان سەردانی چەندین ناوچە و شوێنی گرنگی مێژووی کوردستانیان کرد. ئەو ناوچانەی کە سەردان کران لە رۆژانی خێوەتگاکەدا بریتیبوون لە (مزگەوتی كۆنی بارزان- مەزاری ئەنفالكراوانی بارزان – مەزاری مستەفا بارزانی ، ئەشكەفتی شانەدەر و گوندی بێدیاڵ ی كرێستیانەكانی بارزان ).

بۆ زیاتر روونکردنەوەی شێوازی ژیان لە نێو خێوەتگادا بەڕێز رەواج حاجی بەرێوەبەری سێهەمین خێوەتگای پەرەپێدانی مرۆیی رێکخراوەکان لەو بارەوە گوتی: “لە رۆژانی خێوەتگادا پێویستە هەموو بەشداربووان لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا لە خەو هەستن و دوای خۆ ئامادەکردنیان کاتژمێرێک وەرزشی بەیانیان ئەنجام بدەن، کاتەکانی نانخواردن و خۆشۆردن و جل شۆردن دیاری کراوە و رۆژانە هەر گرووپێک لە بەشداربووانی خێوەتگاکە یەکێک لە ئەرکەکانی راپەڕاندنی کاروباری نێو خێوەتگاکەی پێ رادەسپێردرێت، رۆژانە لە کاتی دیاریکراودا وانەکان دەست پێدەکرێت و پاش کۆتایی هاتنی هەموو چالاکییە تەفریهی و ئیجبارییەکانی نێو خێوەتگا پێویستە هەموو بەشداربووان لە کاتی دیاریکراودا بخەون بۆ ئەوەی بۆ رۆژی داهاتوو سەرلەنوێ بە هەمان بەرنامەوە ئامادەی چالاکییەکان ببن”.

بەڕێزیان سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەم خێوەتگایە گوتی: ” لێرەدا ئاماج کۆکردنەوەی ئەو ژمارە رێکخراوەیە پێکەوە بە مەبەستی درووستکردنی پەیوەندییەکی زیاتر و بەهێزکردنی کاری هاوبەش لەنێوان رێکخراوەکاندا و گرنگترین ئامانجیش بەرزکردنەوەی ئاستی تواناییە مرۆییەکانی رێکخراوەکانە و ئەزموونکردنی ژیانێکی نوێ بۆ گشت بەشداربووان و رۆحیەتی کاری بەگرووپ و هاوکاری کردنی زیاتر و درووستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان ئەندامانی رێکخراوەکان”.

جێگای وەبیر هێنانەوەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوو خێوەتگای دیکەی پەرپێدانی مرۆیی بۆ کارمەندانی خۆی بەڕێوەبردووە و لە سێهەمین خێوەتگادا بە هاوبەشی لەگەڵ روانگە و بەچاودێری فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکان توانیوویەتی بەشداری بە ژمارەیەکی بەرچاوی رێکخراوی دیکە بکات، هەتا پێکەوە بتوانن ئەزموونەکانی کارکردنیان ئاڵوگۆڕ بکەن. بەپێی وتەی سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، خێوەتگای هاوشێوە لە داهاتوودا بە شێوەیەکی فراوانتر بۆ رێكخراوەكان بەردەوام دەبێت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest