لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئامادەین بەهانای لێقەوماوانی زەمین لەرزەی شارەكانی توركياوە بچین
لە شەوی هەینی 24-1-2020 زنجیرەیەك زەمین لەرزە لە وڵاتی توركیا روویاندا و بەهۆیەوە 22 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 1000 کەسی دیکەش بریندار بوون و زیانی گەورە بەر خانووبەرەی هاوڵاتییان کەوتووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرەخۆشی لە قوربانیانی زەمین لەرزەکان دەکات و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت.
دەزگا وەکوو ئەرکی لە پێشینەی خۆی بەهەماهەنگی لەگەڵ مانگی سوری تورکی و لایەنی پەیوەندیدار لەدەوڵەتی توركیا ئامادەیە هاوكاری و فریاگوزاری خێرا بگەیەنێتە قوربانیان و خێزانە زیانمەندبووەکانی زەمین لەرزەكە و لەو نەهامەتییەی بەسەریاندا هاتووە هاوکار و پاڵپشتیان بێت.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، لەساڵی 2011 زەمین لەرزەیەكی بەهێز لەشاری وان روویداو بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری قوربانی و ماڵوێرانی و داڕووخانی ماڵ و باڵەخانەكانی لێكەوتەوە، پاش رووداوەكە لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بازانی 400 خانوی كەرەڤانەی بەسەرجەم پێداویستیەكانەوە رەوانەی شاری وان كرد و كۆمەڵگایەكی بۆ ئەو خێزانانە بونیادنا كە خانوو و ماڵیان بەهۆی زەمین لەرزەكەوە لەدەستدابوو و ئێستاش دەزگا ئامادەیە هەرچی زووتر هاوکارییە مرۆییەکانی بگەیەنێتە زیانمەندانی زەمین لەرزەکەی ئەم دواییەی شارەکانی تورکیا.