زۆر دڵخۆشم کە دەبینم ساڵ دوای ساڵ چالاکییە خێرخوازییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەشە دەستێنن و بەربڵاوتر دەبن، ئەمڕۆ سەرەڕای ئەو دۆخە سەختە ئابوورییەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان، رووبەڕووی هەرێمی کوردستانیش بووەتەوە، کەچی خۆشبەختانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە بەخشین و یارمەتیدان و بە هاناوەچوونی خەڵکی کەمدەرامەت و لێقەوماو. وەک چۆن لە ساڵانی رابردووشدا بە هانای خەڵکی ئاوارە و دەربەدەر و ئەوانەدا چووە کە لە ترسی تیرۆر و تۆقاندن، ناوچەکانیان بە جێهێشت و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم کە سەرەڕای هەموو قەیران و بارودۆخی سەختی دارایی، بەڵام زۆر میوان دۆستانە و بەخشندانە باوەشیان بۆ خەڵکی ئاوارە و پەنابەر لە عێراق و رۆژئاوای کوردستان و سوریا کردەوە، بە شێوەیەک کە خەڵکی کوردستان بووەتە نموونەیەکی گەشی مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی لە جیهاندا. هیوادارم ئەو پەنابەر و ئاوارانە لە زووترین کاتدا و بە شێوەیەکی سەربەرزانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
خاڵێکی گەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم ساڵانەی رابردوودا ئەوەیە کە هاوکاری و یارمەتی خەڵکی هەژار و لێقەوماوی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراقیشی داوە. ئاشکرایە خەڵکی کوردستان هەرگیز هاوکاری و یارمەتییەکانی رێکخراوە مرۆییەکان لە رۆژانی سەختدا لە بیر ناکەن، بە تایبەتی لە سەرەتای راپەڕینی شکۆداری بەهاری 1991 و لە کاتی کۆڕەوە ملیۆنیەکەدا. بۆیە ئێستا مایەی شانازییە کە رێکخراوێکی خێرخوازی کوردستانی وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەم رۆڵە خێرخوازییە مرۆڤدۆستانەیە دەبینێت و بە بێ هیچ جیاوازییەکی ئایینی و ڕەگەزی و نەتەوەیی، هاوکاریی و یارمەتییەکانی دەگەیەنێتە خەڵکی کەمدەرامەت و لێقەوماو لە هەر ناوچەیەکی جیهاندا بن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەن و وڵاتە هاریکاربەخش و رێکخراوە مرۆییەکان بکەم کە لە هەماهەنگیکردن و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامن و بەهۆی ئەم هەماهەنگییە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێشکەشکردنی هاوکاریی و بەخششەکانی بەردەوامە و لە گەشەکردندایە.
دەستخۆشیش لە کارمەندە ماندوونەناسەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم کە ئەرکی خۆیان بە باشترین شێوە بەجێ دەگەیەنن. بە ئومێدی گەشەکردن و بە خششی زیاتر.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی