بەهۆی زۆری بارانبارین و لافاوی دوو رۆژی رابردوو و رووخانی خانووبەرەکان لە دەڤەری باڵەکایەتی و دۆڵی خانەقای سەربە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ١٥٠٠ کەس زیانیان بەرکەوتووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەمرۆ رێکەوتی ٢٨/١٠/٢٠١٨ بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری خێرا بۆ خەڵکی ناوچەکە دوای هەڵسەنگاندنی وردی بارودۆخی خێزانەکان، دوو کاروانی هاوکاری گەیاندە دەڤەری باڵەکایەتی و دۆڵی خانەقا لە پارێزگای هەولێر کە تیایدا هاوکاری ٣٠٠ خێزان زیاتر لە ١٥٠٠ کەس کرا.
لافاوەکە بووەتە هۆی روخان و وێران بوونی ماڵی هاوڵاتییان و لە ناوچوونی زەوی کوشتوکاڵی ناوچەکە، بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز بەرپرسی بەشی هاوکاری و فریاگوزاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە گوتی: ” بەهۆی زۆری بارانبارین و لافاو لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و دۆڵی خانەقا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس زیانیان بەرکەوتووە، کە ٧٥٠ کەسیان بەبێ سەرپەنا ماونەتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان”.
سەبارەت بە پلانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بەڕێز ئیسماعیل عەبدولعەزیز گوتی: ” ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەزوترین کات پێویسترین پێداویستییەکانمان دەگەیەنینە شوێنی لافاوەکە و لە دوو هەڵەمەتتدا بە پێی پۆلێنی دۆخی زیانلێکەوتووەکان پێداویستییەکانی وەکوو خواردن، بەتانی، دۆشەک، لایت، سێتی مەتبەخ و زۆر پێداویستی دیکە بۆ خەڵکەکە دابین دەکەین”.
دەڤەری باڵەکایەتی و دۆڵی خانەقا دەکەونە ناوچە شاخاوییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان- عێراق.