باڵێوێزی وڵاتی فەرەنسا لە عێراق سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٥ی ٢ی ٢٠٢٠ بەمەبەستی هەماهەنگی زیاتر و درێژەدان بەکاری هاوبەشی مرۆیی، باڵوێزی فەڕەنسا لە عێراق بە یاوەری کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر و شاندێکی سەنتەری قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یان کرد.

بەڕێز پڕۆنۆ ئۆبێرت باڵوێزی فەڕەنسا، رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بەهاناوەچوونی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز نرخاند و جەختی لەسەر گرنگی کاری هاوبەشی نێوان هەردوو لا کردەوە.

بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵەکانی دەوڵەتی فەڕەنسای لەمەڕ بەهاناوە چوون و پاڵپشتی کردنی پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران و بەتایبەتی لە دوای هاتنی ژمارەیەکی زۆر پەنابەری نوێ بۆ هەرێمی کوردستان، بە یەکێک لە نموونە سەرکەوتووەکانی کاری هاوبەشی دوولایەن نیشاندا.

شاندی میوان بانگهێشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یان کرد بۆ وڵاتی فەڕەنسا بە مەبەستی کۆبوونەوە و هەماهەنگی زیاتر لەسەر کاری هاوبەش و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ زیاتر خزمەتکردنی کەسانی لێقەوماو لە ناوچەکەدا.

سەردانی شاندی فەڕەنسی بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کاتێکدایە، کە ئێستا دوای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، نزیکەی ٢٠ هەزار پەنابەر لە رۆژئاوای کوردستانەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و رۆژانە هاتنی پەنابەری نوێ بەردەوامە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest