دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی رێکخراوی هیڵفس گرووپ ئایفڵ لە ئەڵمانیا دەکات

بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی مانگانەی رێکخراوی هێڵفس گرووپ ئایفڵ، شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی بنکەی سەرەکی رێکخراوەکەیان کرد و لەلایەن بەڕێز ویلی گروێل سەرۆکی رێکخراوەکە و ئەندامانی کارگێڕییەوە پێشوازییان لێ دەکرێت.

لە کۆبوونەوەی مانگانەی رێکخراوەکەدا کە لە رێکەوتی ١٨/٦/٢٠١٩ بەڕێوەچوو، شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئەندامانی رێکخراوەکە ناسێندران و راپۆرتی کاروچالاکییەکانی رێکخراوەکە لە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداربووان روونکرایەوە.

بەڕێزان (ئیسماعیل عەبدولعەزیز ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی بەشی هاوکاری و فریاگوزاری و رەواج حاجی بەرپرسی بەشی راگەیاندن و توێژنەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی) لە کۆبوونەوەی مانگانەی رێکخراوی هێڵفس گرووپ ئایفڵ بەشداریان کرد و چۆنیەتی هاوکاریکردنی زیاتری ئاوارە و پەنابەرانیان لە هەرێمی کوردستان روونکردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە لە داهاتوودا لەرێگەی چەند رێکخراوێکی دیکەی ئەڵمانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌‌یەوە چارەسەر پێشکەشی منداڵانی تووش بوو بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بکرێت و نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسکیان بۆ ئەنجام بدرێت لە هەرێمی کوردستاندا.

رێکخراوی هێڵفس گرووپ ئایفڵ ٢٧ ساڵە لە وڵاتی ئەڵماندا دامەزراوە و بۆ ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاردەکات و توانیویەتی لەم ماوەیەدا ٩٢ تەن پێداویستی و ئامێری تەندرووستی منداڵان و شیری وشک لە رێگەی ٨ کامیۆنەوە بگەیەننە کوردستان.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest