سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ كاسبكاران بەربانگ دەكەنەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانیBCF) ) بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای گەلیاوە، لە ڕۆژانی مانگی رەمەزانی پیرۆز، لە باخی شار لە هەولێر، خوانی بەربانگ بۆ 1000 کەس ئامادە دەکات. ئەو خزمەتگوزارییە لە رۆژی 11ی3ی2023 دەستی پێكردووە و تا كۆتایی مانگی رەمەزان بەردەوام دەبێت.
رۆژی 18ی3ی2024 بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گرووپی گەلیاوە و ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسی و مەدەنی لە شوێنی پێشكەشكردنی بەربانگ لە باخی شار لە هەولێر ئامادە بوون.
بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكاران وتی: “ئەو ئێوارەیە زۆر دڵخۆشین كە لەگەڵ كاسبكارانی ناو شاری هەولێر بەربانگ دەكەینەوە. بە ناوی پارێزگای هەولێر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و گرووپی گەلیاوە دەكەین، كە دیمەنێكی زۆر جوانیان بە سەنتەری شارەكەمان بەخشیوە. نەك هەر لە رەمەزان بەڵكو لە رۆژانی دیكەشدا لێرە رۆژانە 1500 كەس لە كاسبكاران (چ ئەوانەی لە ناو سەنتەری هەولێر كار دەكەن، چ ئەوانەی سەردانی بازاڕی هەولێر دەكەن)، لێرە خواردنیان بێ بەرانبەر بۆ دابین دەكرێت”. هیواشی خواست “تاعەت و عیبادەتی موسڵمانان قبووڵ بێت”.
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە وتارەكەیدا سەرەتا، سوپاسی هاوكارییەكانی گرووپی گەلیاوەی كرد، بۆ ئەو پرۆژەیە و ئەوەشی دووپات كردەوە، بە هاوكاریی خێرخوازان و هاوبەشانی دەزگا، بەتایبەتی لەو بارودۆخە نالەبارەی ئابووری كە بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێندراوە، دەكرێت خزمەتی زیاتری لێقەوماوان و خەڵكی كەمداهات بكرێت.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی وتەكانیدا، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە لە سێكتەری خۆراك هەوڵ دراوە، بە یەكسانی خزمەتگوزارییەكان دابەش بكرێن و زیاتر خەڵكی كەمداهات، كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان و كاسبكاران و ژینگەپارێزان و…هتد سوودمەند بكرێن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest