رۆژی سێشەممە 5/10/2021، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەحمەد ئەلزاهیری، کونسوڵی گشتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە هەولێر و موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پرۆژەی دابەشکردنی تەباخ و سۆبا و جلوبەرگ و پارسێلی خۆراك و خێوەت بەسەر 100 خێزانی ئاوارە ئێزدییەکان لەشاری هەولێر ڕاگەیەندرا.
لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەكەدا، بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، پاش ئەوەی هەندێک زانیاریمان پێگەیشت کە لە هەندێک کەناڵی میدیاییشەوە بڵاوکرایەوە سەبارەت بەوەی کە رەوشی ژیانی 100 خێزانی ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانی هەولێر خراپە، لەو پەیوەندییەدا سوپاس بۆ تیمەکانی ناوەندی قەیرانەکانی هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە بەدواداچوونیان کرد و دەرکەوت ئەو خێزانانە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، سوپاس بۆ بەڕێز کونسوڵی گشتی ئیماراتیش کە ئەمڕۆ بەهاوکاریی ئەوان ئەو هاوکارییە پێشکەش بەو ماڵباتە سەربەرزانە دەکرێت.
ئومێد خۆشناو جەختی لەوەش کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکاندا نییە، بەڵکو بە ئارەزووی خۆیان تا ئەو ڕۆژەی بڕیار دەدەن، رایگەیاند: ئێمە بەپێی توانا لە خزمەتیاندا دەبین و جارێکی دیکەش سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی حکوومەت بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر لە خزمەت ئاوارەکاندا بێت.
هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەدا، د.ئەحمەد ئەلزاهری کونسوڵی گشتیی ئیمارات سوپاسی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانیی کرد بۆ ئەوەی هەمیشە هەوڵیان داوە خزمەت بە ئاوارە و پەنابەران بکەن. گوتیشی: ئەمڕۆ لێرە چەند پرەنسیپێک لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمان دەکاتەوە بۆ خزمەتی ئاوارەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەدا. ئەمە رێچکەی بەردەوامی ئیماراتە بۆ هاوکاریی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەوڵەکانمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بەڕێز مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانییش سوپاسی وڵاتی ئیمارات و کونسوڵی ئیمارات و پارێزگاری هەولێر و ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێری کرد و گوتی، ئێستا لە وەرزی زستان نزیک دەبینەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم وەرزە بۆ ئاوارەکان زۆر گرنگە. گوتیشی: لە هەموو ئەو ماوەیەدا کە ئاوارە و پەنابەرەکان لێرە مێوانی ئێمە بوون، جێدەستی هاوکارییەکانی دەوڵەتی ئیمارات دیارە، نەک هەر بۆ ئاوارە و پەنابەران، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی و نەک هەر لە بوارێکدا، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بواری تەندروستی، پەروەردە، خۆراک و ئاوەدانکردنەوە هاوکار و پشتیوان بوون. موسا ئەحمەد ئاماژەی بە کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کرد و گوتی: هێشتا ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن و تا ئێستا زیاتر لە 35 کەمپ لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە هیوادارین هەموو لایەک هاوکار بن، بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە خزمەت ئاوارە و پەنابەراندا بن.