رێككەوتی 19/10/2021 لەشاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر (ئەحمەد ئەلزاهیری) كونسوڵی گشتی دەوڵەتی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك خاوەن كۆمپانیا و سەرۆكی زانكۆكان و بەڕێوەبەری قوتابخانەكان، رێوڕەسمی خەڵاتكردن و بەخشینی دیاری بەسەر (26) قوتابی ئازیزی شارەكانی (هەولێر، دهۆک، سڵێمانى، هەلەبجە، کەرکووک، گەرمیان) بەڕێوەچوو، كە توانیبوویان لەقۆناغی 12ی ئامادەیی كۆنمرەی بەرز لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنن.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هەوڵمانداوە ببینە پردێكی بەهێزی وڵاتانی هاریكاریبەخش و كەسانی خاوەنكار تاوەكو چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمان سوودمەندبن.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەخێرهاتنی گەرمی ئامادەبووانی كرد و رایگەیاند: بەناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و سەرمایەداران و مانگی سووری ئیماراتی و خێرخوازان لەناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی لە قوتابیانی ئازیز و ماڵباتە بەڕێزەكانیان دەكەین. ئێمەیان خۆشحاڵ كرد و ئێوەش هەمیشە سەركەوتوو و بەختەوەربن.
هەمیشە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بارزانی ئاسا هەمیشە هەوڵیداوە خۆی بەخزمەتكاری مرۆڤایەتی بزانێت و زانیوە و بەردەوام ویستویەتی ببێتە پردێكی بەهێزی وڵاتانی هاریكاریبەخش و كەسانی خاوەنكار بێت تاوەكو چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمان سوودمەندبن. ئێمە شانازی بەوەوە دەكەین هەمیشە كارەكانمان لەبواری جیاجیادابووە، بەتایبەتیش بواری پەروەردەیی و تەندروستی، كە هەمیشە پێشكەوتنی كۆمەڵگا لەم رێگەیەوە ئەنجام دەدرێت. بەردەوام مرۆڤەكان پێویستیان بەم دوو بوارە گرنگە هەیە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەروەها رایگەیاند: پرۆژەی چاودێریی ئازیزان لەئێستادا زیاتر لە 16 هەزار منداڵی ئازیز لەم پرۆژەیەدا سوودمەندبن بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو خانەوادانە كردووە كە بەجۆرێك لەجۆرەكان باوكیان لەدەسداوەو پێویستیان بە سەرپەنایەك هەیە ئاوڕیان لێبداتەوە، ئەم دەزگایە باوكی ئەو چینە دەبێت و جێگەی نەبوونی باوكیان بۆ پڕ بكەینەوە. لەم پرۆژەیەدا لەساڵی 2011 تاوەكو ئێستا زیاتر لە 58 ملیۆن دۆلار هاوكاری نەقدی پێشكەش بەو ئازیزە خۆشەویستانە كراوە كە لەم پرۆژەیەدا بەشدارن. بەڵێن بەم ئازیزە سەركەوتووانە دەدەین بەهەمانشێوەی رابردوو لەگەڵیان دەبین و پشتیوانیان دەبین تاوەكو بەتەواوەتی قۆناغەكانی خوێندن تەواو دەكەن و دەبنە خاوەن پیشەیەكی تایبەت بە خۆیان.
كونسوڵی گشتی ئیمارات: پیرۆزبایی لەو 26 قوتابییە ئازیزە دەكەین و هیوادارین ببنە مرۆڤێكی گەورەی كۆمەڵگەكەیان
لەمەراسیمەكەدا بەڕێز (ئەحمەد ئەلزاهیری) قونسوڵی گشتی ئیمارات وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: لەسەرەتادا پیرۆزباییەكی گەرم لە ئازیزان و خانەوادەكانیان دەكەین و زۆر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین كە هاوئاهەنگییەكی بەهێزیان لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتیدا هەیە لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیەدا و لێرەدا سوپاس و پیرۆزباییان ئاڕاستە دەكەین. ئەم پرۆژەیە سەركەوتوو بووەو پەنا بەخوا لە ئاییندەشدا لەگەڵ ئەم دەزگا بەڕێزە بەردەوام دەبین و سەركەوتنی گەورەتر تۆمار دەكەین. هەروەها ئامانجمانە لە ئاییندەدا بواری كار پاش تێپەڕاندنی خوێندنی زانكۆ بۆ ئەم ئازیزانە دابین بكەین بەهاوكاری لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەها دەبنین كە چۆن سەرۆك مسعود بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە بۆنە گرنگەكاندا ئاماژەیان بەچینی ئازیزان داوە و هەروەها لەپاڵ ئەمەشدا ئەو خزمەتانەی دەوڵەتی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە لەبەر چاوە و بایەخیان پێداوە، ئەمە بۆ ئێمە جێگەی رێز و پێزانینە. پەنا بەخوا لە ئاییندەدا لەچەند پرۆژەیەكی دیكەدا لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبوارە جیاجیاكاندا ئەنجامی دەدات. لەكۆتاییدا دووبارە پیرۆزبایی لەو 26 قوتابییە ئازیزە دەكەین و هیوادارین هەمیشە لەژیانیان سەركەوتن بەدەست بێنن و ببنە مرۆڤێكی گەورەی كۆمەڵگەكەیان.
پارێزگاری هەولێر: بۆ ئێمە ڕۆژێکى خۆش بوو کە بینیمان ئازیزانمان بەخۆڕاگرى و هەوڵ و تێکۆشان توانیویانە لە پرۆسەى خوێندندا سەرکەوتووبن
لە رێوڕەسمی بەخشینی دیاری و رێزلێنان بە قوتابیانی سەركەوتوودا، بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: وێڕاى پیرۆزباییمان لە قوتابیان و کەسوکارەکانیان، هیواى سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازین و ئومێد دەکەین لەساڵانى ئاییندەدا نمرەى باشتر بەدەست بهێنن و ببن بەنموونە و ئەستێرەى درەوشاوەى زانستى لەهەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ نەک بۆ ئەوان، بۆ ئێمەش ڕۆژێکى خۆش بوو کە بینیمان ئازیزانمان بەخۆڕاگرى و هەوڵ و تێکۆشان توانیویانە لە پرۆسەى خوێندندا سەرکەوتووبن و نمرەى بەرز بەدەست بهێنن.
سوپاس بۆ دەزگاى خێرخوازیى بارزانى بۆ هەموو ئەو کار و پڕۆژانەى ئەنجامیدەدەن بەتایبەتى پڕۆژەى ئازیزان و چاودێریکردنیان، هەروەها سوپاس بۆ کونسڵیەى ئیماراتى و مانگى سوورى ئیماراتى کە لەچوارچێوەى پڕۆژەى چاودێرى ئازیزان کە تایبەتە بە هاوکارییکردنى ماددى منداڵانى بێ باوک، بە هاوبەشى لەگەڵ دەزگاى خێرخوازیى بارزانى ئەم پڕۆژەیە بەڕێوەدەبەن.