ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به نیگه‌رانییه‌وه له ره‌وشی مرۆیی كۆچبه‌رانی سنووری نێوان وڵاتانی بێلاڕوسیا و پۆڵه‌ندا ده‌ڕوانین، كه زۆربه‌یان كورد و خه‌ڵكی وڵاتی عێراقی فیدراڵن.
هه‌رچه‌نده كۆچكردن دیارده‌یه‌كی جیهانییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆر جار ده‌بینین كاره‌ساتی مرۆیی لێكه‌وتۆته‌وه و خه‌ڵكی سڤیل به‌تایبه‌ت منداڵ و ژن، ده‌بنه قوربانی و رووبه‌ڕووی مردن و برسێتی و نه‌هامه‌تی ده‌بنه‌وه، ئه‌وه‌ی كه له ئێستادا رۆژه‌ڤی میدیا جیهانییه‌كانه، گیرخواردنی ژماره‌یه‌كی زۆری كۆچبه‌ره له نێوان سنووری وڵاتانی بێلاڕوسیا و پۆڵه‌ندا به‌بێ هیچ په‌ناگه‌یه‌ك له‌ژێر باران و سه‌رمای ئه‌و ناوچه‌یه رۆژانێكی سه‌خت به‌ڕێده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ساردبوونی كه‌ش و هه‌وا مه‌ترسی دروستبوونی كاره‌ساتی گه‌وره لێ ده‌كرێت.
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی وه‌كو ئه‌ركێكی مرۆیی، له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا له هه‌وڵی به‌رده‌وامدابووین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی یاسایی كه بتوانین به پێی توانای خۆمان هاوكاری سه‌ره‌تایی پێشكه‌شی كۆچبه‌ران له سنووری وڵاتانی بێلاڕوسیا و پۆڵه‌ندا بكه‌ین و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ژیانیان كه‌مبكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوامان له باڵیۆزخانە‌ی بێلاڕوسیا له عێراق، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی پۆڵه‌ندا، نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وڵاتی پۆڵه‌ندا و باڵیۆزخانە‌ی عێراق له پۆڵه‌ندا كردووه، به‌داخه‌وه تا ئێستا نه‌ك وه‌ڵامێكی ئه‌رێنیان نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵكو رێگه‌نه‌دراوه هیچ رێكخراوێكی مرۆیی هاوكاری به‌و كۆچبه‌رانه بگه‌یه‌نن.
ئێمه له ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتی مرۆییمانه‌وه داوا له وڵاتان و رێكخراوه مرۆییه نێوده‌وڵەتییه‌كان ده‌كه‌ین هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێكه‌وه هاوكاری مرۆیی بۆ ئه‌و كۆچبه‌رانه دابین بكه‌ین و مه‌ینه‌تییه‌كانیان كه‌م بكه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها داوا له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ین جه‌خت له پاراستنی گیانی ئه‌و كۆچبه‌رانه بكرێت و رێگه‌نه‌درێت مامه‌ڵه‌ی دوور له یاسا و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤیان له‌گه‌ڵدا بكرێت و به زووترین كات رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه و به‌پێی یاسا په‌ناگه‌یه‌كیان هه‌بێت تا پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانیان پێ بگه‌یه‌نرێت.
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی
10\11\2021