رێككەوتی 1/3/2023 لە كەمپەكانی (باسرمە، دیبەگە، قوشتەپە و كەور گۆسک) لە سنووری پارێزگای هەولێر، 44ـەمین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی بارزانیی نەمر بەرز راگیرا.
لەو رێوڕەسمانەدا كە جگە لە كارگێڕان و دانیشتووانی كەمپەكان، كارمەندانی ئاسایش، پۆلیس، ڕێکخراوەکان، کارگێڕی قوتابخانە لەگەڵ ستافەکانیان و چەندین كەسایەتی بەشدار بوون، سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر و هەموو شەهیدانی کوردستان، رێوڕەسمەكان دەستیان پێ كرد.
دواتر کۆمەڵێك شیعر خوێندرانەوە کە ئاماژەیەك بوون بە تایبەتمەندی و وتەکانی بارزانیی نەمر، لە بەشی كۆتایی رێوڕەسمەكانیش فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لە بارەی ژیان و خەباتی بارزانیی نەمر نمایش كرا.
مەلا مستەفا کوڕی شێخ محەمەد کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، لە 14ی ئاداری ساڵی 1903 لە بارزان لەدایک بووە و – لە 1ی ئاداری 1979 لە تەمەنی 76 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكا كۆچی دوایی كرد.
مەلا مستەفا بارزانی، رابەری مەزنترین شۆڕشی مێژووی رزگاریخوازیی خەڵکی کوردستانە و تهواوی ژیانی خۆیشی بۆ شۆڕش و خهبات له پێناو دەستەبەركردنی مافهكانی گهلی كورد تهرخان كرد.
بارزانیی نەمر لە تەواوی تەمەنیدا لە داواکردنی مافەکانی خەڵک و خەباتکردن بۆ وەدیهاتنی خواستە نەتەوەییەکان سڵی نەکردووەتەوە، هەموو تەمەنیشی بۆ مرۆڤایەتی و خزمەتی ژینگە و داكۆكی لە مافی ژنان و پاراستنی نەتەوەکان و بەهادان بە پێكەوە ژیان تەرخان کردووە.










