رێككەوتی 1/2/2023 لە سیمینارێكدا كە لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەچوو، لە هەنگاوی یەكەمدا سێكتەری پەروەردە و مافی خوێندن لە چوارچێوەی مافەكانی مرۆڤ و ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە تاوتوێ كرا.
بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، عەبدولقادر ئەحمەد ئەندامی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان و ژمارەیەك لە نوێنەرانی رێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومی، وۆركشۆپی رۆژی 8\5\2023 تەرخان كرا، بۆ تاوتوێكردنی مافی كاركردن و دەستەبەری كۆمهڵایهتی له ههرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی مافەكانی مرۆڤ و ئاستەنگ و بەربەستەكانی ئەو سێكتەرە و دانانی پلان و رێكاری چارەسەری، كە لە هوتێلی بریستۆریا لە هەولێر بەڕێوەچوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا وتاری سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە لایەن د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشكەش كرا. وێڕای سوپاسی هاوكارییەكانی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ستافی دەزگاكە و هەموو ئامادەبووان، تیشكی خستە سەر راسپاردەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافی كاركردن و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و مافی خاوەن كار و بەتایبەتی هەلی كاری بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەت بە گرنگ لە قەڵەم دا، هاوكات باسی جێبەجێكردنی یاسایەكی پێشكەوتووی كاری كرد، كە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بگونجێت. هەر لەو بارەیەوە گوتی: “ئێمە رەشنووسی یاسای كارمان هەیە، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رەشنووسەكەی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، خوێندنەوەی یەكەم و دووەمیشی بۆ كراوە”.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لە كاریگەری و رۆڵی كەرتی تایبەت لە دەستەبەری هەلی كاری زیاتر كردەوە. باسی ئەوەشی كرد، بە پێی رێنماییەكان دەبێت 70%ی دەستی كار لە كەرتی تایبەت (كارمەند و كرێكاری خۆماڵی) بن، ئەو پێوەرەش لە وڵاتانی زۆر پێشكەوتووش پەیڕەو دەكرێت.
سەبارەت بە رۆڵی رێكخراوە حكوومی و ناحكوومییەكانییش لە راهێنان و وەبەرهێنان و دۆزینەوەی هەلی كار، خوازیار بوو، كاری بەرفراوانتر بكەن.
د. دیندار زێباری لە درێژەی وتارەكەیدا باسی ئەوەی كرد كە تەمەنی كار و مەرجەكانی كاركردن لە راسپاردە نێودەوڵەتییەكانن، كە دۆزینەوەی هەلی كار و كارئاسانی بۆ گەنجان و هەروەها پەرەپێدان بە دامەزراندن بە یەكسانی تەنانەت لە كەرتی گشتی تەوەری سەرەكیی ئەو بابەتەن. گوتیشی: “كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤی پەسەند كردووە، یەكەم كابینەشە كە توانیویەتی ئەو پلانە بكاتە پلانێكی گشتگیر، هەر بە هۆی ئەمنییەت و سەقاگیریی كوردستان، گوژمەی كۆی وەبەرهێنانی بیانی ئێستا گەیشتووەتە 5 ملیار دۆلار، ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەلی كار و لەسەر بودجەی هەرێم و حكومەتی عێراقیش نەبووە، گوژمەی كۆی وەبەرهێنانی خۆماڵییش گەیشتووەتە 8ملیار و نیو، هەروەها 270 پڕۆژە لە 28\7\2019 تا 29\3\2023 لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێ دراوە. ئەمانە هەموویان دەستكەوتی گەورەن.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە كۆتایی وتارەكەیدا پێداگری لەسەر پاراستنی كرێكاران و بەتایبەتی ئافرەتانی كرێكار لە رێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە كرد.
دواتر هەر یەك لە كارزان نووری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و عەبدولقادر ئەحمەد ئەندامی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، کورتە باسێكیان لە بارەی ڕەوشی کارکردن و بیمەی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد.
كارزان نووری، وتەكانی لە دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، باسی ئەوەی كرد، بەپێی زانیارییەكان كە لە پسپۆڕانی دەروونناسی وەریان گرتووە، “دەست بە تاڵی و بێكاری” دەبێتە هۆی كۆمەڵێك نەخۆشیی دەروونی، بۆیە زۆر گرنگە لە كۆمەڵگەی خۆمان بتوانین مافی كاركردن و ژینگەیەكی تەندروستی كاركردن بۆ هەموو چین و توێژەكان و گشت پێكهاتەی كۆمەڵگەی خۆمان بە بێ جیاوازی دابین بكەین. هاوكات گوتی: “بە حوكمی ئەوەی ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گفتوگۆی جددیمان لەسەر رۆڵی رێكخراوەكان هەیە، دەبێت لە زەمینەی دروستكردنی هەلی كار، رۆڵی رێكخراوەكان لەبەر چاو بگێردرێت و پەرەی پێ بدرێت”. هەروەها پێداگریی لەسەر ئەوە كرد كە كۆمەڵێك گەنجی بەتوانا و كارامە و چالاك لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەن كە توانای كاركردنیان هەیە، بەڵام بە هۆی هەندێك دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسی و تەنانەت نێودەوڵەتییەوە نەتوانراوی هەلی كاریان بۆ فەراهەم بكرێت. سەرەڕای ئەوەش جەختی لەوە كردەوە كە گەنجانیش خۆیان لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی قورسی ئەخلاقیدان، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان پێ بگەیەنن و ئامادە بن، تێكەڵ بە بازاڕی كار ببن. جەختی لەوەش كردەوە كە كەسانی خاوەن پێداویسنیی تایبەت پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە، مافی كاركردن و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەبێت ئەوانیش بگرێتەوە.
تەوەرێكی دیكەی وتارەكەی كارزان نووری، دەستەبەری كۆمەڵایەتی بوو، جەختی لەوەش كردەوە، رێكخراوەكانی قازانج نەویست ناتوانن ئەو رێكارە جێبەجێ بكەن، كە لە كۆی مووچە 17%ی كەم دەكرێت (5%ی كەسی كرێكار و كارمەند و 12%ی خاوەن كارەكە دەبێت دابینی بكات). داواشی كرد ئەو ئاریشەیە چارەسەر بكرێت و ژینگەیەكی ساخڵەم بۆ رێكخراوەكانی قازانج نەویستیش فەرهەم بكرێت.
لە لای خۆیەوە عەبدولقادر ئەحمە
د ئەندامی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، سەرەتا باسی یاسای كاری كرد، ئاماچەی بەوە كرد كە تا ئێستا یاسای بەركار لە ساڵی 1978 دەرچووە، داوای ئەوە یاسای ژمارە 37 لە ساڵی 2015 لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پەسەند نەكرا، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا پرۆژە یاسەیەكی نوێ پەسەند كراوە. دواتر تیشكی خستە سەر رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی و گوتی: “لەوەتی ئەم رێكخراوە لە ساڵی 1919 دروست بووە، 189 رێككەوتن و 200 راسپاردەی هەیە، كە هەموویان پەیوەندییان بە رەوشی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و تەمەنی كار و… هتد هەیە. ئێمە لەبەر ئەوەی خوێندن تا تەمەنی 15 ساڵان ئیلزامییە و بۆ ئەوەی پێچەوانەی ئەو یاسایە نەبێت، داوامان كردووە، مافی كاركردن لە دوای تەمەنی 15 ساڵان بێت”. باسی ئەوەشی كرد، كاری كشتوكاڵ و كانە بەردینەكانی ژێر خاك بە نموونە، تەمەنی 18 ساڵ دیاری كراوە، ئێمەش دەبێت خۆمان بۆ ئەو كارە قورسانە و تەمەنی كار لەگەڵ پێوەری نێودەوڵەتی بگونجێنین. داواشی كرد، ئەو پرسە زیاتر بكەوێتە بەرباس بۆ دۆزێنەوەی رێكارگەلێك، كە رێكخراوەكانی قارزانج نەویستیش بتواان 12%ی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكار و كارمەندانی خۆیان دابین بكەن.
دواتر درەگا بۆ گفتوگۆی كراوە و خستنەڕووی بیروڕاكان كرایەوە، لە كۆتاییشدا كۆنگرەیەكی میدیایی ساز كرا. د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی پرسیارەكانی میدیاكارانی دایەوە. لە وەڵامی پرسیارێكدا ئاماژەی بەوە كرد، نزیكەی 80 هەزار كرێكاری بیانی لە رێگەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە فەرمی هاتوونەتە كوردستان، زیاتر لە 240 هەزار پەنابەری سووری و نزیكەی 12 هەزار پەنابەری ئێرانی و كوردانی رۆژهەڵات و نزیكەی 21 هەزار كوردی باكووری كوردستان پەنابەرن لە هەرێمی كوردستان، 900 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی عێراقیش لە هەرێمی كوردستانن، ئەوانەشی بە گرفتەكانی رەوشی كاركردن لە هەرێمی كوردستاندا گرێ دایەوە.
دوای واژۆكردنی یادداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) و رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێككەوتی 16/1/2023، ئەنجامدانی 12 وۆركشۆپ لەسەر مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2023 لە چوارچێوەی پلانی هەرێم بۆ مافەكانی مرۆڤ راگەیەندرا، ئەمەش پێنجەمین وۆركشۆپ بوو، كە بۆ تەوەری(مافی كاركردن و دەستەبەری كۆمهڵایهتی له ههرێمی كوردستان) تەرخان كرا.