له‌ نۆیه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان بە خەمگینی و کەسەرێکی زۆرەوە، هێرشی نامرۆڤانه‌ی تاریکپەرستانی داعش لە شنگال بە بیر دەهێنینەوە.

سەری رێز بۆ قوربانییەکان دادەنوێنین و هیوای رزگاری بۆ تەواوی خوشک و دایکانی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستان دەخوازین.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە یەکەمین رۆژی پەلاماردانی كوردانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستان و ئاوارەبوونیانەوە، لەپاڵ ئێزدییەکان و بە گیانێكی خۆنه‌ویستانه‌ و پێشمەرگانە هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ خزمەتی ئاوارە و لێقەوماوانی شنگال وەگەڕخست.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی خزمەتکردن بە پەیامە مرۆییەکان، خزمەتی كوردانی ئێزدی بە ئەرکی خۆی زانیوە و به‌رده‌وامه‌ له‌ كاره‌ مرۆییه‌كانی، ئەوەی لە توانایدا بێت، بۆ خزمەتی لێقەوماوانی شنگال خستوویەتەگەڕ، سه‌ره‌تا له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ و پاشان لە چیای شنگالەوە، تاوەکو نیشتەجێبوونیان له‌ ناو کەمپەکان، هاوبەش و هاوکاری هەموو کوردە ئاوارەکراوە ئێزدییەکان بووە.
لە ساڵیادی ئه‌و كارەساتەدا، داواکاریی خۆمان دووپات دەکەینەوە، بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و شەرافەتمەندانە، بۆ كورده‌ ئێزدییەکان و سەرجەم ئاوارەکانی دیکە، داوا لە حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەکەین، بە ئەرکی به‌رپرسانه‌ی خۆیان هه‌ستن و خزمەتی ئه‌م خه‌ڵكه‌ لێقه‌وماوه‌ بکەن و، هەرچی زووە کەشێکی لەبار بۆ گێڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان دروست بکرێت. ژیانێک کە چیتر ترسی لە هەڕەشەی میلیشیا و ناکۆکیی سەربازی و دوژمنی تاریکپەرست نەبێت.
سوپاسی سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە و رێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەکان و خزمەتکردنیان و هێنانەوەی کچانی رفێندراوی ئێزدی. سوپاسی هاوکاریی رێکخراوە مرۆییە جیهانییەکان دەکەین، کە لە یەکەم رۆژی ئەو کارەساتەوە، بۆ خزمەتكردنی لێقەوماوانی شنگال، هاوکار و پشتیوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون، داواکاریی خۆشمان دووپات دەکەینەوە، کە لە هاوکاریکردنی ئاوارە کوردە ئێزدییەکان سڵ نەکەنەوە و ساردی نەنوێنن، ئەوان پێویستیان بە هەموو هاوکارییەکە و شایستەی هاوکاریکردنیانن بۆ تێپەڕاندنی دۆخە نەخوازراوەکانیان و دابینکردنی ژیانێکی شایسته.
کچانی ئێزدی، رەمزی بەرەنگاری و شەرەفن، بە گیان و رۆحی خۆیان بوونە مەتەرێزی پاراستنی گیانی دایک و باوک و براکانیان، پێویستە کچە گێڕدراوەکان بە ئەوپەڕی رێزەوە دەرفەتی ژیانیان پێ بدرێت، ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی هەموو لایەنەکانە بۆ گێڕانەوەی تەواوی ژن و کچە ئێزدییە رفێندراوەکان هەموو هەوڵێك بدەن.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە، داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی دیکەی جیهانی و وڵاتانی جیهان دەکەینەوە، پشتیوان بن بۆ فەراهەمکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی بۆ كوردانی ئێزدیی، کە ئەوە کەمترین ماف و بچووکترین قەرەبووکردنەوەیانە، بەردەوامیش بن لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانکارییەکانی دژی كوردی ئێزدی لە سەرجەم وڵاتان، بۆ ئەوەی مافی زەوتکراوی ئەوان بگێڕدرێتەوە.

                                            دەزگای خێرخوازیی بارزانی
                                                                              3\8\2023

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest