بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی( (BCFو ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و نوێنەری رێكخراوەكانی ناحكوومی، رێككەوتی 3\8\2023 هاوكات لەگەڵ نۆیهمین ساڵوهگهڕی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی، سەرجەم دانیشتووانی كەمپی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك، بە گردبوونەوەیان هێرشی نامرۆڤانهی تاریکپەرستانی داعشیان لە شنگال سەركۆنە كرد و یادی قوربانییانی ئەو تاوانە نامرۆییەیان بەرز راگرت.
ئەو رێوڕەسمە پڕ ماتەمێنییانە هاوكات لە كەمپەكانی(روانگە، مام رەشان، شێخان، داودیە، جەم مشكۆ، ئیسیان، خانكێ، باجدكەندال و دەركاری) لە سنووری پارێزگای دهۆم بەڕێوەچوون.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی((BCF، هاوكات لەگەڵ یادی ئەو تاوانە دژە مرۆییەدا، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە، كە لە بەشێكیدا هاتووە: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە یەکەمین رۆژی پەلاماردانی كوردانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستان و ئاوارەبوونیانەوە، لەپاڵ ئێزدییەکان بووە و بە گیانێكی خۆنهویستانه و پێشمەرگانە هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ خزمەتی ئاوارە و لێقەوماوانی شنگال وەگەڕخست”.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو داواکارییەشی ئاراستەی حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران كردووە كە “بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و شەرافەتمەندانە، بۆ كوردانی ئێزدی و سەرجەم ئاوارەکانی دیکە، بە ئەرکی بهرپرسانهی خۆیان ههستن و خزمەتی ئهم خهڵكه لێقهوماوه بکەن و، هەرچی زووە کەشێکی لەبار بۆ گێڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان دروست بکرێت. ژیانێک کە چیتر ترسی لە هەڕەشەی میلیشیا و ناکۆکیی سەربازی و دوژمنی تاریکپەرست نەبێت”.
هەر لەو بەیاننامەیەدا داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان كراوە: “پشتیوان بن بۆ فەراهەمکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی بۆ كوردانی ئێزدی، کە ئەوە کەمترین ماف و بچووکترین قەرەبووکردنەوەیانە، بەردەوامیش بن لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانکارییەکانی دژی كوردانی ئێزدی لە سەرجەم وڵاتان، بۆ ئەوەی مافی زەوتکراوی ئەوان بگێڕدرێتەوە”.
چەكدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش رۆژی 3ی ئابی 2014 پەلاماری شنگال و رۆژئاوای پارێزگای نەینەوایان دا، وێڕای كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی، كچان و ژنانی ئێزدییان رفاند و وەك “كەنیزە” مامەڵەیان لەگەڵ كردن، كە تا ئێستاش وێڕای هەموو هەوڵەكان ژمارەیەكی زۆریان لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار نەكراون.
ئەو تاوانە نامرۆییەی چەكدارانی داعش بەرانبەر كوردانی ئێزدی ئەنجامیان دا، وای كرد،
لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەرێمی و نێودەڵەتییدا، ددان بەوەدا بنرێت کە ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەرھەق بە ئێزدییەکان لە شنگال ئەنجامی داوە، “جینۆساید”ـە.
لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی كوردانی ئێزدی، تا ئێستا بەریتانیا و 9 وڵاتی دیكەی جیھان، کومەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە.









